ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایدەگەیەنێت پارتی پاشکۆیەتی ناوێت بەڵکو مەبەستێتی ئەو پرۆژە چاکسازیەی کە سەرۆکی حکومەت هەیبووە، لەکابینەی دەیەمی حکومەتدا درێژەی پێبدات و دەشڵێت،" پێویستە هەموو حزبە سیاسیەکان ئەوانەی دەچنە حکومەتەوە یان دەبنە ئۆپۆسیۆن پاڵپشتی پرۆژەکە بکەن تا کوردستان بەهێزتر بێت و گرفتەکان لەگەڵ بەغدا چارەسەر ببن."
د. ئەشواق جاف، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" گفتوگۆکان بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامن و پارتی هەموو هەوڵێکی بۆ ئەوەیە ئەم کابینەیە فرە ڕەنگی تێدا بێت و هەمووان تێدا بەشداربن، بەڵام ڕێز لە ڕایی ئەو لایەنانەش دەگرێت کە نایانەوێت بێنە ناو حکومەت و دەبن بە ئۆپۆزسیۆن."
وتیشی،" بوونی ئۆپۆزسیۆن حاڵەتێکی تەندروستە، بەڵام پێویستە ئەو لایەنانەی دەبنە ئۆپۆسیۆن، ئۆپۆزسێۆنێکی بونیاتنەربن و ئەوان ناڵێن پێویستە چاکسازی بکرێت، فەرموون ئەوەتا سەرۆکی حکومەت پرۆژەی چاکسازی هەیە و لەم کابینە درێژەی پێدا و هەنگاوی باشی ناو مەبەستێتی لە کابینەی دەیەم پرۆژەی بەردەوامبێت و بکاتە کۆتایی."
ئەشواق جاف باسی لەوەشکرد، پارتی پاشکۆیەتی ناوێت و کەس نابێتە پاشکۆی گەر پاڵپشتی پرۆژە چاکسازیەکە بکەن، ئەوەشی دەکرێت پێویستە لە کابینەی دەیەمدا هەنگاو بە دوو ئاراستە بنرێت، لەلایەک کارکردن لەسەر نەهێشتنی ئەو گرفتانەی لەنێوان کوردستان و بەغدان و چارەسەرکردن و جێبەجێکردنی ئەو مادانەی کە لە دەستوردا هاتوون، تا مافی خەڵکی کوردستان دەستەبەر بکرێن و لەلایەکی دیکە پاڵپشتی درێژەدان بە پرۆژە چاکسازیەکەی حکومەت.
ڕۆژی 16ی مانگی یەکی 2020، پەرلەمانی کوردستان لە دانیشتنی ژمارە 15ی ئاسایی خۆیدا، ئەندامی پەرلەمان بە کۆی دەنگی زۆرینە دەنگیان لەسەر پرۆژە یاسای "چاکسازی لەموچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازەکان و خانەنشینی لە هەرێمی کوردستان"دا و پرۆژە یاساکە کرا بە یاسا.
لە یاساکەدا هاتووە ئامانج لە دەرچواندنی یاساکە لە پێناو ڕێکخستنی بواری وەزیفی گشتی و خانەنشینیە لەسەرجەم بوارەکانی شارستانی و پێشمەرگایەتی و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆیە، هەروەها تەرخانکراوانی چاودێری کۆمەڵایەتی و بەرپاکردنی دادپەروەری و یەکسانی لە خەرجکردنی موچە و دەرماڵەی بەخشین و ئیمتیازاتە داراییە گشتیەکان و ڕێگەگرتن لە سود وەرگرتنی ناڕەوا و نایاسایی لە تەرخانکراوەکانی بودجەی گشتیدا.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە خاوەنی پرۆژەی چاکسازی لە حکومەتدا دادەنرێت و بەشێک لەلایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانیش ڕەخنەی ئەوە دەگرن کە حکومەت نەیتوانی کاری جیدی لەسەر پرۆژەی چاکسازی بکات.
د. ئەشواق جاف، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕاشیگەیاند،" لە کابینەی نۆیەم زۆر دژایەتی پرۆژە چاکسازیەکەی سەرۆکی حکومەت کرا و گرفتی زۆریان بۆ دروستکرد و ڕێگای زۆر سەختی بڕی، بەڵام هەنگاوی باشی نا و لەلایەک پرۆژەی چاکسازی جێبەجێ دەکرد لەلایەکی دیکەوە گفتۆی دەستوری دەکرد لەگەڵ حکومەتی عێراقی و پێویستە لە کابینەی دەیەم هەموان پاڵپشتی سەرۆکی حکومەت ببن بۆ بەردەوامبوونی پرۆژەی چاکسازی و گفتوگۆی دەستوری لەگەڵ حکومەتی عێراق."
وتیشی،" لیژنەکان هەموو ئامادەکاریەکیان کردووە و کۆبوونەوە زۆر کراوە و بەوهیوایەیەن لە کەمترین کاتدا کابینەی دەیەم پێکبێت، بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی ئەو مەترسیانە ببینەوە کە لە ئەگەری هەر گۆڕانکایەکی خێرادا ڕوودەدەن."
هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کە لە 20ی مانگی دەی 2024 بەڕێوەچوو، پارتی دیموکراتی کوردستان زۆرترین کورسی پەرلەمانی بەدەستهێنا کە 39 کورسی بوو و دواتر یەکێتی نیشتمانی کوردستان 23 کورسی و نەوەی نوێ 15 کورسی و 5 کورسی بۆ کۆتاکان و کورسیەکانی دیکەش بەسەر لایەنە سیاسیەکانی دیکە دابەشبوو.
بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی کە دەست دەنگی ئەمەریکا کەوتوون، تاکە کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێم، تەنها مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی ئێستای هەرێمی کوردستانە و پارتی مەبەستێتی ئەو پرۆژە چاکسازیە کە لەم کابینەیە هەبوو بەردەوامی پێبدات.
ڕۆژی 16ی مانگی یەکی 2025، دوور لە چاوی میدیاکان هەریەک لە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم و بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی لە هەولێر کۆبوونەوە. هەرچەندە بەشێک لە میدیا ناوخۆیی و عێراقیەکان باسیان لە دابەشکاری پۆستەباڵاکانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێم کرد لە نێوان هەردوولایەندا.
دوێنی 17ی مانگی یەکی 2025، سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی یەکێتی نیشتمانی کورستان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" کۆبونەوەی نێوان مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەكێتی تایبەت بووە بە هەڵسەنگاندنی دۆخی ناوچەکە، کە هەستیاری قۆناغەکە واپێویست دەکات لایەنەکان ئاستی داواکاریەکانیان لەگەڵ قۆناغەکە بگونجێنن بە مەبەستی گەشتن بە ڕێککەوتن بۆ پێکهێنیانی حکومەت."
وتیشی،" کۆبوونەوەکە سەبارەت بەدۆخی هەرێم و ناوچەکە بووە، کە دۆخێکی هەستیارە و دەبێت لایەنەکان ئاست و سەقفی داواکاریەکان بگونجێنن لەگەڵ ئەم دۆخەدا و دەستیان سووک بکەن لە ڕێککەوتن."
ئەشواق جاف: پارتی پاشکۆیەتی ناوێت بەڵکو مەبەستێتی پرۆژەی چاکسازی لە کابینەی دەیەم بەردەوامی پێبدات
