گرووپ و رێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ بڵاویان کردۆتەوە پژمان سوڵتانی، یەکێک لەو کەسانەی لە کاتی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ئیران لە شاری بۆکان دەستبەسەر کرابوو، سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرکراوە.
بە پێی ڕاپۆرتی هرانا و ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، دادگای تاوانەکانی منداڵان و نەوجەوانان لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا سزای لەسێدارەدانی بۆ پژمان سوڵتانی بە تۆمەتی "کوشتنی بە ئەنقەست" دەرکردووە.
بە پێی ڕاپۆرتەکانی ئەو رێکخراوانە، لەو دادگایەدا کە لە پێوەند بە کوشتنی هێزێکی پەیوەندیدار بە دامودەزگا ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەڕێوەچووە، جگە لە سزای لەسێدارەدان بۆ پژمان، هەروەها ڕزگار بەیگزادە بابامیری 15 ساڵ زیندان و عەلی (سۆران) قاسمی 10ساڵ و یەک ڕۆژ سزای زیندانیکردنیان بۆ دەرکراوە.
هەروەها دادگا کاوە ساڵحی کە لەگەڵ ئەو سێ کەسە ئاماژە پێکراوانە دەستگیرکراوە و نزیکەی ساڵێک و نۆ مانگە لە زینداندا بووە، بە بێتاوان ناساندووە.
ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەڵێن بڕیارەکەی دادگا لە 16ی مانگی یەکی ئەمساڵ لە کاتێکدا دەرچووە کە پرۆسەی دادگاییکردنەکەی ئەو زیندانیانە "پابەند نەبووە بە پێوەرە نێودەوڵەتییەکان" و تۆمەتباران مافی هەبوونی پارێزەری سەربەخۆیان نەبووە.
پژمان سوڵتانی تەمەن 32 ساڵ لە شاری بۆکان لە سەرەتای بەهاری ساڵی 2023 و دوای چەند مانگێک لە گیالەدەستدانی ژینا ئەمینی کە لە سەفەرێکی خێزانی بۆ تاران لە ژێر دەستبەسەری هێزە ئەمنییەکانی ئێران گیانی لەدەستدا، دەستبەسەر کرا و ڕادەستی ئیدارەی ئیتلاعات شاری ورمێ کرا.
دەزگا ئەمنییەکان و دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامی تۆمەتی پژمان سوڵتانییان بە "ئاڕاستەکردنی کوشتن"ی هێزێکی سەر بە بەسیج ناوبردووە و رزگار بەیگزادە و عەلی قاسمییانیش بە یارمەتیدەر لەو کوشتنەدا تۆمەتبار کردوە.
هێزەکانی بەسیج و سوپای پاسداران لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی ئەوکاتەدا بە سەرکوتکردنی بەربڵاوی ناڕازییان تۆمەتبار کرابوون. ناڕەزایەتی دژ بە حکومەت لەو کاتەدا لە شارە کوردنشینەکاندا بەربڵاو بوو.
ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ڕایانگەیاندووە پژمان سوڵتانی دەرمانی دابینکردووە بۆ ئەو کەسانەی لە ناڕەزایەتییەکاندا برینداربوون و لە ترسی ئاشکراکردنی ناسنامەیان نەیانویستووە بچنە نەخۆشخانەوە.
سەرچاوە/رادیۆ فەردا