فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک لە ڕۆژنامەوانی ڤیدیۆییدا جەختی لەوە کردەوە مانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکە گرنگە بۆ مسۆگەرکردنی ئاسایش.
مەزڵوم عەبدی لەو کۆنفرانسەی ڕۆژی پێنجشەممەیدا کە لەلایەن ناشناڵ پرێس کڵەب لە واشنتن ڕێکخرابوو ڕایگەیاند"مەترسی داعش زیادی کردووە و بۆشایی ئاسایشی هەیە، هەر بۆیە پێویستمان بە هێزەکانی ئەمەریکایە، کاتێک هێزەکانی ئەمەریکا بکشێنەوە، پێمان وایە پشێوی ئاسایشی دروست دەبێت و کاریگەری لەسەر ناوچەکەش دەبێت".
عەبدی گوتیشی "زۆر فاکتەر هەن کە ڕێگەیان داوە داعش بەهێزتر بێت، چەکێکی زۆریان گرتووە و چوونەتە ناو شارەکانەوە، لە چەند ڕۆژی ڕابردووشدا 15 هاوڕێی ئێمەیان شەهیدکردووە".
قسەکانی عەبدی لە کاتێکدایە هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمەریکا لە سوریا بەردەوام گرووپە تیرۆرستییەکان دەکەنە ئامانج.
ڕۆژی یەکشەممە فەرماندەیی نێوەندی ئەمەریکا ڕایگەیاند، لە هێرشێکی ئاسمانیدا لە باکووری ڕۆژئاوای سوریا بەرپرسێکی باڵای سەر بە ئەلقاعیدەیان کوشتووە.
کاتێک پرسیار لەسەر ئەگەری کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا کرا عەبدی گوتی " هیچ شتێکمان پێ نەوتراوە."
ئەم کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییە ئۆنلاینەی مەزڵوم عەبدی لە کاتێکدا بوو کە چەند کاتژمێرێک پێشتر ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان عەبدوڵا ئۆجەلان پەیامێکی بڵاو کردەوە و تیایدا داوای چەکدانانی پەکەکەی کرد لەم بارەیەوە عەبدی گوتی "سەرۆکی پەکەکە پەیامێکی ناردووە و بۆچوونەکانی خۆی ڕوونکردەوە، ئێمە بە ئەرێنی سەیری دەکەین".
عەبدی لە وەڵامی پرسیارێکی دەنگی ئەمەریکا سەبارەت بە کاریگەریی ئەو پەیامە لەسەر هێزەکانی سوریای دیموکراتیک گوتی پەیامەکەی ئۆجەلان شتێکی باشە " بەڵام هیچ پەیوەندییەکی بە ئێمەوە وەکو هەسەدە ( هێزەکانی سوریای دیموکراتیک)" بەڵام نکوڵی لەوە نەکرد کە کاریگەریی بەسەر ناوچەکەی ئەوانیشەوە دەبێت "بڕوام وایە ئاگربەستی نێوان پەکەکە و تورکیا و دەستەبەرکردنی ئاشتی کاریگەری لەسەر ناوچەکەمان دەبێت".
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکومەتی نوێی دیمەشق، عەبدی وتی "پێمانوایە ئێستا کاتی ئەوەیە بچینە ناو سوپای نیشتمانی و دامودەزگاکانی دەوڵەتەوە".