Accessibility links

پەروین بوڵدان: ئۆجەلان پیری بە جەستەیەوە دیارە و چاوەکانی ئاو دەکەن


پەرلەمانتاری دەم پارتی پەروین بوڵدان هەندێک لە وردەکارییەکانی کۆبوونەوەکانی ئەم دواییەی لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان ئاشکراکردووە و دەڵێت ڕێبەری پەکەکە، کە تەمەنی لە نێوان 76 بۆ 77 ساڵدایە، پیری بە جەستەیەوە دیارە و چاوەکانی ئاو دەکەن، بەڵام بە مۆڕاڵێکی بەرزەوە هیوای بە پرۆسەی ئاشتی هەیە و دەڵێت "ئەمە دوا هەلە نابێت لەدەستی بدەین."

پەرلەمانتار پەروین بوڵدان کە رۆژی 27ـی دووی 2025 لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە ئیستەنبووڵ بانگەوازەکەی ئۆجەلانی بۆ ئاشتی بەتورکی خوێندەوە، دەڵێت سەردانی شاندی دەم پارتی بۆ هەرێمی کوردستان لەسەر خواستی ئۆجەلان بووە و پشتگیری هەرێمی کوردستانی بۆ سەرکەوتنی پرۆسەکە بە گرنگ زانیوە.

لە چاوپێکەوتنێکدا کە لەگەڵ ماڵپەڕی هەواڵی ژن ئەنجامی داوە، پەروین بوڵدان دەڵێت، "لە دووەم دانیشتنمان لەگەڵ ئۆجەلان، ویستی ئێمە بەڕێز مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی ببینین، وە هەروەها لە سلێمانی منداڵەکانی بەڕێز تاڵەبانی، بافڵ و قوباد تاڵەبانی، ببینین...بەڕێز ئۆجەلان لە هەموو دەرفەتێکدا دەڵێت کە بارزانی و تاڵەبانییەکان زۆر گرنگن بۆ خەڵکی کورد و جەخت دەکاتەوە لەوەی بەشداریکردنیان لەم پرۆسەیەدا گرنگە."

پەروین بوڵدان دەڵێت دەستەڵاتدارانی هەرێم پشتگیری تەواویان بۆ پرۆسەکە دەربڕیوە، ئۆجەلانیش وتی "زۆر دڵخۆش بووە بەمە."

عەبدوڵڵا ئۆجەلان ڕێبەری پەکەکە ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو، لە پەیامێکدا کە لەلایەن شاندێکی پەرلەمانتارانی دەم پارتییەوە خوێندرایەوە، داوای لە ئەندامانی حزبەکەی کرد چەکەکانیان دابنێن و پارتەکە هەڵبوەشێننەوە.

لەدوای پەیامەکە، دەستەڵاتدارانی هەرێم و زۆربەی پارتە سیاسییەکان بەیاننامەی پشتگیرییان بۆ هەڵوێستەکەی ئۆجەلان دەربڕی و جەختیان لەسەر چارەسەری پرسی کورد لە تورکیا بە ڕێگەی ئاشتی کردەوە.

دوێنێ دووشەممە بارەگای بارزانی ڕایگەیاند لە سەلاحەددین مەسعود بارزانی پێشوازی لە شاندێكی هاوبەشی سێ پارتی باكووری كوردستان كرد و "جەخت لە پاڵپشتیكردنی پڕۆسەی ئاشتی و گەیشتن بە چارەسەری لە توركیا كرایەوە."

ئۆجەلان کە لە پەیامەکەیدا داوای بونیادنانەوەی برایەتی نێوان کورد و تورکی کردووە، داوایکردووە هەنگاوی کرداری بگیرێتەبەر چونکە "شەڕێک کە بەبێ هیچ چارەسەرێک خۆی دووبارە دەکاتەوە سودی بۆ هیچ کەس نییە.

سەبارەت بە بارودۆخی ئۆجەلان، پەروین بوڵدان ڕایگەیاند، "ناتوانین زۆر باسی بارودۆخی کەسی ئۆجەلان بکەین چونکە ئەو نایەوێت باسیان بکات."

بەڵام دەڵێت لە ڕووی جەستەییەوە پیر بووە؛ سەرەڕای ئەوەی لەم دواییەدا نەشتەرگەری ئاوی سپی بۆ کراوە، بەڵام ئاو بە چاوەکانیدا دێت و بە دەستەسڕ فرمێسکەکانی دەسڕی.

سەبارەت بە دۆخی زیندان، پەروین بوڵدان دەڵێت گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ نەبووە. ئۆجەلان تەلەفزیۆنێکی بۆ دابینکراوە کە 22 کەناڵی تێدایە، زۆربەی کاتەکانی ڕۆژانەی بە نوسین و خوێندنەوە بەسەردەبات. کاربەدەستەکانی زیندان دەڵێن لە ئێواران ئۆجەلان سەیری هەواڵ و بەرنامەی وتوێژی سەر تەلەفزیۆن دەکات و زوو دەخەوێت.

جکە لە ئۆجەلان، سێ ئەندامی باڵای پەکەکە لە دورگەی ئیمراڵی زیندانی کراون کە بریتین حامیلی یڵدرم، وەیسی ئاکتاش و عومەر خەیری کۆنار.

پەروین بوڵدان دەڵێت "ئیرادە و مۆڕاڵیان وەک ئۆجەلان بەرزبوو،" وە متمانەیان بە پرۆسەکە هەبوو "چونکە بەردەوام لەگەڵ بەرێز ئۆجەلان گفتوگۆ دەکەن."

XS
SM
MD
LG