وڵاتەیەکگرتوەکانی ئەمریکا ئاگاهی دەدات لەمەڕ مەترسیەکانی کارەساتی هەرەسهێنانی بەنداوی موسڵ و ئەو بڕە ئاوە زۆرەی ئەم بەنداوە کە ئەگەر هەرەس بێنێت ئەوا هەرچی لەبەردەمدا بێت رایدەدات، هەر لە مرۆڤەوە هەتا دەگاتە خانوبەرە و ئوتومبیل و بۆمی نەتەقی و هەروەها مادە کیمیاویە مەترسیدارەکان.
بەنداوی موسڵ دەکەوێتە باکوری ئەو شارە لە سەر روباری دیجلە و گەرەترین بەنداوی عێراقە. ئەم بەنداوە کە لەساڵی 1984 دا بنیاتنرا، ئێستا کێشەی بنیاتی هەیە و بەردەوام پێویستی بەوەیە کە چیمەنتۆی بکرێتە بن و پتەو بکرێت.
توانای گلەدانەوەی بەنداوی موسڵ یازدە هەزار کیلۆمەتر ئاو سێجایە. جا ئەگەر بەم ئاستەی ئێستایەوە درز بەرێت، تەوژمێکی زۆر لە ئاوی روبارەکە دەخولقێنێت و شیانی خنکاندنی بە سەدان هەزار کەسی دەبێت لەو کەسانەی کە فریایی خۆلادان لەو لافاوی ئاوە نەکەون.
بە گوێرەی راگەیاندنێکی باڵوێزخانەی ئەمریکا لە عێراق دەڵێت نزیکەی نیو ملیۆن بۆ 1.47 ملیۆن هاوڵاتی عێراقی کە لە سەر روباری دیجلە دەژین، لەو پەڕی مەترسی لاوفاوی ئاکامی تەقینی ئەو بەنداوەدا دەبن و رەنگە لە کاریگەریەکەی دەرباز نەبن. رەنگە بەرزی لافاوی هەستاوی ئاکامی درزبوون لە بەنداوی موسڵدا لە هەندێ ناوچەی شارەکەدا بگاتە زیاتر لە پازدە مەتر لە ماوەی یەک بۆ چوار کاتژمێردا ، هەربۆیە دانیشتوانی موسڵ ماوەیەکی کورتیان لە بەردەستا دەبێت بۆ ئەوەی لە ناو شارەکە دەربچن. ئاوی بەنداوەکە کە دەرژێتە روباری دیجلەوە لە ماوەی سێ بۆ چوار رۆژ دەگاتە بەغدا و ئاستی روبارەکە لەوێ دە مەتر بەرزدەکاتەوە ،روبارەکە بەغدای پایتەخت دەکاتە دوو بەشەوە و شیانی داخستنی فرۆکە خانەی نێونەتەوەیی لێدەکەوێتەوە. هاوکات تەقینی بەنداوی موسڵ زیان بە بەشی زۆری ژێرخانی ئابوری و وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا دەگەینێت و تەواوی عێراق بێ کارەبا دەکات، هەروەها زیانی گەورەش بە کشتوکاڵ و کێلگەکانی بەرهەمهێنان دەگەینێت.
باڵوێزخانەی ئەمریکا دەڵێت ؛ شاری موسڵ و بەشی زۆری ناوچەکانی خواروی روباری دیجلە لەژێر کۆنترۆڵی ملیتانانی دەوڵەتی ئیسلامیدان، ئەو کارەی هەوڵەکانی فریاگوزاری نێونەتەوەیی بۆ ئەو ناوچانە ئاڵۆزکردوە.
دوای چەندان مانگ لە کەمکردنەوە لە قەبارەی مەترسی راستەقینەی ئەم بەنداوە، حکومەتی عێراقی بەمدوایانە دانی بە پێویستی بە هێزکردنی بنیاتی بەنداوەکەدا نا و کاری چاکردنەوە و پاراستنی بنیاتی بەنداوەکەی دایە کۆمپانیایەکی ئەندازیاری ئیتالی.
ئاژانسەکانی ناحکومەتی و مرۆیی لە ئێستادا دەستیان بە کارکردن لە سەر پلانەکانی تەنگەتاوی کردوە ، ئەگەر بەنداوەکە درزی بردو و تەقی.
هەرچەندە باڵوێزخانەی ئەمریکا لە عێراق زانیاری تایبەتی لەسەر وادەی هەرەسهێنانی بەنداوەکە نیە، بەڵام دەڵێت کە سیستمی ئاگادارکردنەوە و دارشتنی رێوشوێنی گواستنەوەی هاوڵاتیان، ئاستی مەرگی ئاکامی لافاوی تەقینی بەنداوەکە کەمدەکاتەوە. ئاگاهیکەی باڵوێزخانەی وڵاتەیەکگرتوەکانی ئەمریکا لە عێراق دوای چەندان هەفتە بوو لە داواکاری لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی و لە حکومەتی عێراقی کە خۆیان بۆ کارەساتێکی لەو جۆرە ئامادەبکەن. ئەم راپۆرتە لەلایەن " شارن بێن " ئامادەکراوە.