ڕۆژی یەکشەممە ڕووسیا هێرشێکی زەبەلاحی موشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی کردە سەر ئۆکرانیا، بەرپرسانی ئۆکرانیا باسییان لە هێرشەکە کرد و وتییان گەورەترین هێرش بووە لە ماوەی چەند مانگی ڕابردووەوە تاوەکو ئێستا، هێرشەکە ژێرخانی وزەی کردووەتە ئامانج و هاووڵاتیانی سڤیلیش کوژراون.
هێرشەکە لە کاتێکدایە کە ترس و نیگەرانییەکان زیاتر بوون سەبارەت بە نیازی ڕووسیا بۆ لە ناوبردنی توانای بەرهەمهێنانی کارەبای ئۆکرانیا پێش وەرزی ساردی زستان.
سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی وتی ڕووسیا 120 موشەک و 90 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بەکارهێناوە، لە هێرشێکی بەرفراواندا بۆ سەر سەرانسەری ئۆکرانیا. وتی جۆری جیاوازی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هەڵدراون، بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی شاهیدی ئێرانیشەوە، هەروەها موشەکی باڵیستیکی کروز و موشەکی باڵیستیکی ئاسمان بۆ زەویش.
زێلێنسکی وتی بەرگرییە ئاسمانییەکانی ئۆکرانیا 140 ئامانجی ئاسمانییان خستووەتە خوارەوە.
وتی " دوژمن ژێرخانی وزەمانی لە سەرانسەری ئۆکرانیادا کردووەتە ئامانج. بە داخەوە بەهۆی کەوتنە خوارەوەی پارچە و پاشماوەکانەوە زیان هەبووە. لە میکۆلایڤ لە ئەنجامی هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەواندا دوو کەس کوژراون و شەش کەسی دیکە بریندار بوون، دوو منداڵیشییان تێدا بووە."
فەرمانڕەوای هەرێمی ئۆدێسا ئۆلی کیپەر وتی دوو کەسی دیکە لە هەرێمەکەدا کوژراون، هێرشەکە زیانی بە ژێرخانی وزە گەیاندووە و کارەبا و ئاوی ناوچەکەی بڕیوە.
بەڕێوبەری بەڕێوبەرایەتی سەربازیی شاری کیێڤ سێرهێی پۆپکۆ وتی هێرشە موشەکی و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان بەهێزترین هێرش بوون لە ماوەی سێ مانگی ڕابردوودا.
ڕۆژی یەکشەممە دەنگی تەقینەوە لە سەرانسەری ئۆکرانیادا بیستراوە، بە کیێڤی پایتەختیشەوە، هەرێمەکانی ئۆدێسا و هەرێمەکانی ڕۆژئاوا و ناوەڕاستی وڵاتەکەش کراونەتە ئامانج.
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا