دەزگای ئاسایش: بەکەمبوونەوەی تووندووتیژیەکان خۆشحاڵین کە بەشێکی دەگەڕیتەوە بۆ فەراهەمکردنی ژینگەیەکی ئازاد

ئەمڕۆ سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە مافی ڕۆژنامەوانان ئاماری ساڵی ڕابردووی پێشێلکاریەکانی بەرامبەر ئازادی کاری ڕاگەیاندن بڵاو کردەوە، بە پێی ئامارەکە بێت تووندووتیژیەکان بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەمیکردووە. دەزگای ئاسایشی هەرێم کەمبوونەوەی ئامارەکە بۆ هۆشیاری دەزگا ئەمنیەکان و مامەڵەی گونجاوی کارمەندەکانیان دەگێڕیتەوە، بەڵام ڕۆژنامەوانێک پێی وایە کەمبوونەوەی تووندووتیژیەکان، بەواتای فراوانبوونی پانتایی ژینگەی کاری ڕاگەیاندن و فەراهەم بوونی ئازادی کاری میدیایی نایەت.

ئەمڕۆ 18ی مانگی یەک، سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە مافی ڕۆژنامەوانان کە بارەگاکەی لە شاری سلێمانیە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە ژێر ناوی "یاسا بۆ ئەرشیف نییە، یاساکانمان گۆڕین، بەڵام جێبەجێکردنیان سەنگی مەحەکە"، ئاماری ساڵی ڕابردووی پێشیلکاری و تووندووتیژی و لەمبەرەکانی بەردەم کاری ڕاگەیاند و ڕاگەیەندنکارانی بڵاو کردەوە.

بە پێی ئامارەکانی سەنتەری میترۆ بۆ ساڵی 2024، لە ساڵی رابردودا 182 پێشێلکاری بەرامبەر 176 رۆژنامەوان و دامەزراوەی میدیایی لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون، ئەوەش لەكاتێكدایە كە بەپێی راپۆرتەكە لەساڵی 2023دا، 231 پێشێلكاری بەرامبەر رۆژنامەنوسان و دەزگاكانی راگەیاندن ئەنجامدراون و بەوەش پێشێلکارییەکان لەساڵی 2024دا بەراورد بە ساڵی پێشوتر 22٪ کەمبونەتەوە.

عەقید سەلام عەبدولخالق، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی دەزگای ئاسایشی هەرێم، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" کەمبوونەوەی ئامارەکانی پێشیلکاری بۆ ئێمە جێگەی خۆشحاڵیە، ئەم پێشکەوتنانە ڕەنگدانەوەیەکی بەردەوامی پابەند بوونی دەزگای ئاسایشی هەرێمە، کە لە ناوخۆماندا ژینگەیەکی وامان رەخساندووە کە ئازادی ڕادەربڕین و کاری ڕاگەیاندن پارێزراو بێت، لە ساڵی 2024 کۆمەڵێک ڕێوشوێنی تایبەتمان گرتە بەر، تا بگەینە ئەم قۆناغەی ئەمڕۆ تیایداین."

وتیشی،" لە ساڵی 2024دا کۆمەڵیک کارمان کرد وەک، لەگەڵ ڕاگەیاندن و ڕاگەیاندنکاران لە ڕێگەی گفتووگۆوە ۆرک شۆپ و سیمیناری هاوبەشمان هەبووە، لە ناو ئاسایش سیاسەتێکمان هێناوەتە کایەوە کە مافی ڕۆژنامەنووسان لە هەموو هەل و مەرجێکدا پارێزراوبێت، لە حاڵەتی کێشەدا بەدواداچوونمان کردووە و توانیومانە چارەسەری بکەین، خاڵێکی تر ڕاهێنانمان زیاد کردووە بە کارمەندەکانمان، دەشمانەوێت لە ساڵی 2025 دا هاوشانی ئەمانە لە حاڵەتی پێویستی و پێدانی زانیاری پێمان باشە کەناڵێکی تایبەتمان هەبێت، لینکێک بێت گەر نیگەرانیەکیان هەبوو بە خێرایی بگاتە لامان، خاڵی کۆتایی هانی رۆژنامەنووسانیش بدەین پابەند بن بە ئیتیکی کاری خۆیان پیشەیی بوون و ئەخلاقی بوون و ڕێز لە خودی میدیا و دەزگا ئەمنیەکانیش بگرن."

عەقید سەلام جەختیشی کردەوە لەوەی،" بەردەوام بوون لە کارکردنی پێکەوەیی، ئامانجی دەزگای ئاسایش ئەوەیە هەرێمێک دروست بکەین کە نەک هەر سەلامەت بێت بۆ ڕۆژنامەنووسان، بەڵکو وەک پێوەرێکی نێودەوڵەتی بۆ ئازادی ڕۆژنامەگەری و پیشەیی بوونی خزمەت بکات. ئێمە پابەند دەبین بە دڵنیابوون لەوەی کە هەموو ڕۆژنامەنووسێک لە هەرێمی کوردستان بتوانێت کارەکانی خۆی بە کەرامەت و سەلامەتی و ئازادی ڕادەربڕینی تەواوەوە ئەنجام بدات."

هەر بەگوێرەی ئامارەكانی نێو راپۆرتەكە، ساڵی رابردو سێ رۆژنامەوان بە درۆن لە هەرێمی کوردستان کوژراون، 27 هێرش و لێدان و هەڕەشە بەرامبەر رۆژنامەوانان تۆمارکراون؛ مانگی 12ی ساڵی رابردوو زۆرترین پێشێلکاری تۆمارکراون کە 40 پێشێلکاری بون.

هاوکات، 103 رێگری لە رۆژنامەوانان تۆمارکراون، 24 حاڵەتی دەستبەسەرکردنی رۆژنامەوانان بەبێ بڕیاری دادگا، 6 هێرشی ئەلیکترۆنی، 17 دەستبەسەرداگرتنی کەلوپەلی رۆژنامەوانی و 2 حاڵەتی شکاندنی کەلوپەلی رۆژنامەوانی تۆمارکراون. 10٪ی ئەو رۆژنامەوانانەی پێشێلکارییان بەرامبەر تۆمارکراوە، مێ بوون و 90٪ی دیکە نێر بوون.

شوان محەمەد ڕۆژنامەوان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" مەرج نییە بۆ دۆخی کوردستان تەنها ژمارەکان ئاماژە بن بۆ ئەوەی کە دۆخی ڕۆژنامەنووسی خراپ بیت یاخود باش، بەڵکو زیاتر لە فاکتەريک ڕۆڵ دەبینێت لەوەی دۆخی ڕۆژنامەنووسی باشە یان خراپ، بۆ نموونە تا ئێستا عەقڵیەتی دەسەڵاتداری کوردی بەرامبەر میدیا و لەنێویشدا میدیای ئازاد هێندە خراپ و دووژمنکارانەیە هەر ڕۆژ لە پلانگێڕان و مانۆڕە هەر رۆژەو بەشێوەیەک، ڕۆژێک یاسا دادەنرێت بۆ سۆشیاڵ میدیا، ڕۆژێک دەیانەوێت پێچ بکەنەوە لەو یاسایانەی خۆیان دەریان کردووە، ڕۆژێک دەیانەوێت ئەنجوومەنی باڵا دروست بکەن بۆ میدیا لەکاتێکدا ئەو ئەنجوومەنە ڕوونە و دیارە کە بەرەیەکی کوردستانی یان پشکی دەسەڵاتی سیاسی تیایدا پشکی شێر دەبێت،ڕۆژێکی تر دەیانەوێت ڕێگری لە پەخشی کەناڵەکان لە ڕێگای دەرکردنی فەرمانەوە بکەن."

وتیشی،"ئەگەر دەتەوێت هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی میدیا بکەیت لە هەرێمی کوردستان، دەبێت ئەم ڕەگەزانە لەبەرچاو بگریت، هەروەها ڕەگەزێکی گرنگتر، ئێمە چەندین ڕۆژنامەنووسمان شەهید بوون لە ساڵانی ڕابردوو تا ئێستا دۆسیەکانیان هەڵپەسێراون و تاوانکارەکان نەدۆزراونەتەوە، بۆیە تۆ کاتێک دەتوانیت بڵێی دۆخی ڕۆژنامەنووسان باشترە کە ئەم رەگەزانە ئامادەییان هەبێت."

Your browser doesn’t support HTML5

راپۆرتی سنور کەریم