جوڵانەوەی نەوەی نوێ بڕیاریداوە تا ڕۆژی چوارشەممە 22ی مانگی یەکی 2025، پەرلەمانی کوردستان کۆنەبێتەوە بۆ هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان، ئەوە سەرۆکی کاتی کە لە نەوەی نوێیە دەست لە بەڕێوەبردنی یەکەمین دانیشتنی سەرۆکایەتی پەرلەمان هەڵدەگرێت و بەڕێوە نابات.
محەمەد سلێمان سەرۆکی کاتی پەرلەمانی کوردستان، هەواڵەکەی پشت ڕاستکرەوە و تەنها ئەوەی بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" بەڵێ ڕاستە تا چوار شەممە پەرلەمان کۆنەبێتەوە ئەوە دەست لە بەڕێوەبردنی یەکەم دانیشتنی پەرلەمان هەڵدەگرم."
لەلایەکی دیکەوە دەنگی ئەمەریکا پەیوەندی بە کوردەوان جەمال، سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان کرد، ئەویش ڕایگەیاند،" سەرۆکی کاتی ئێستای پەرلەمان وەک پەرلەمانتار دەمێنێتەوە، بەڵام دانیشتن بەڕێوە نابات، گەر تا چوار شەممە پەرلەمان کۆنەبێتەوە بۆ هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی."
ڕۆژی دووشەممە 2ی مانگی دوانزەی 2024، یەکەمین دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، بەپێی یاسایی هەڵبژاردنی پەرلەمان لەلایەن بەتەمەنترین ئەندامی پەرلەمان بەڕێوەچوو ئەویش محەمەد سلێمان پەرلەمانتاری نەوەی نوێ بوو و بووە بە سەرۆکی کاتی پەرلەمانی کوردستان تا ئەوکاتەی دەستەی سەرۆکایەتی هەڵدەبژێردرێت و لە دانیشتنەکەدا 97 ئەندام سوێندی یاساییان خوارد و دەرگای خۆپاڵەوتن بۆ هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی کرایەوە، بەڵام بەهۆی ڕێکنەکەوتنی لایەنەکان نەتوانرا دەستەی سەرۆکایەتی هەڵبژێردرێت و دانیشتنەکە بەکراوەیی هێڵرایەوە.
لەکاردانەوەی ڕێکنەکەوتنی لایەنەکان بۆ تەواوکردنی دانیشتنی یەکەم، نەوەی نوێ ئەو بڕیاریداوە کە محەمەد سلێمان دەست لە بەڕێوەبردنی دانیشتنی یەکەم هەڵگرێت.
بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانیش بێت دوای کشانەوەی محەمەد سلێمان لە بەڕێوەبردنی دانیشتنی یەکەم، ئازاد محەمەد ئەمین لە فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان وەک دووەم بەتەمەنترین پەرلەمانتار دەبێتە سەرۆکی کاتی و دانیشتنی یەکەم بەڕێوە دەبات.
سامان ئەحمەد بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پەرلەمانی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" هێشتا کات ماوە تا ڕۆژی چوارشەممە بزانیت چی ڕوودەدات، دواجار دانیشتنەکە خۆیی بەکراوەی ماوەتەوە و درێژکراوەی دانیشتنی یەکەمە."
وتیشی،" دوا بەدوای ئەوەی بەڕێزیان دەستیان لە بەڕێوەبردنی سەرۆکایەتی پەرلەمان هەڵگرت، دەبێت بە دەست نوس بێت و دواتر گریمان ئەوە چووە پێشەوە لەو کاتەدا لە ڕێگای سەرۆکی دیوان لە دانیشتنی داهاتوو ناوی دووەم بەتەمەنترین ئەندام پەرلەمان دەخاتە ڕوو و بانگێشتی دەکات بۆ سەرۆکایەتی کردنی دانیشتنەکە."
بەکراوەی هێشتنەوەی دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان نیگەرانی لەلای چین و توێژەکانی هەرێمی کوردستان دروستکردووە لەوەی گەر دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان هەڵنەبژێردرێت، ئەوە پێکهێنانی کابینەی دەیەمیش دوا دەکەوێت.
بە پێی مادەی 48، شانزە پەرلەمانتاری لایەنەکان خۆیان بۆ دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان بەربژێرکردووە لە یەکێتی و پارتی و هەریەکێکیان دوو کاندیدیان هەیە.
لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان هۆکاری سەرەکی دواکەوتنی هەڵنەبژاردنی دەستەی سەرۆکاتی پەرلەمانی کوردستان بۆ ململانێی توندی نێوان یەکێتی و پارتی دەگەڕێننەوە.
دوێنی شەممە 18ی مانگی یەکی 2025، فراکسیۆنی نەوەی نوێ دەربارەی بەشداریکردن لەحکومەت کۆبوونەوە و بڕیاریدا نەچنە حکومەت و وەک ئۆزسیۆن بمێننەوە و لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ ڕایگەیاند،" بۆ یەکێتی و یەکگرتوو و کۆمەڵ و لایەنەکانی تر، گەر دەتانەوێت سەرۆکی حکومەت بۆ پارتی نەبێت هەر 15 کورسیەکەی نەوەی نوێ بۆ ئێوە."
گەرچی یەکێتی و پارتی لە ئاستی باڵا تائێستا چەند جارێک کۆبوونەتەوە و لیژنە پێکهێنراوە بۆ دابەشکاری لە پۆستەکان و بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی دەنگی ئەمەریکا هەردوولایان نزیکن لە ڕێکەوتنی کۆتایی.
ڕۆژی 16ی مانگی یەکی 2025، دوور لە چاوی میدیاکان هەریەک لە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم و بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی لە هەولێر کۆبوونەوە. هەرچەندە بەشێک لە میدیا ناوخۆیی و عێراقیەکان باسیان لە دابەشکاری پۆستەباڵاکانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێم کرد لە نێوان هەردوولایەندا. سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی یەکێتی نیشتمانی کورستان لە ڕۆژانی ڕابردوو ئەوەی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" کۆبونەوەی نێوان مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەكێتی تایبەت بووە بە هەڵسەنگاندنی دۆخی ناوچەکە، کە هەستیاری قۆناغەکە واپێویست دەکات لایەنەکان ئاستی داواکاریەکانیان لەگەڵ قۆناغەکە بگونجێنن بە مەبەستی گەشتن بە ڕێککەوتن بۆ پێکهێنیانی حکومەت." وتیشی،" کۆبوونەوەکە سەبارەت بەدۆخی هەرێم و ناوچەکە بووە، کە دۆخێکی هەستیارە و دەبێت لایەنەکان ئاست و سەقفی داواکاریەکان بگونجێنن لەگەڵ ئەم دۆخەدا و دەستیان سووک بکەن لە ڕێککەوتن."
لای خۆشیەوە دکتۆر ئەشواق جاف ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان دوێنی 18ی مانگی یەکی 2025، ئەوەی بەدەنگی ئەمەریکا وت،" دۆخی ناوچەکە وادەخوازیت بەزووی حکومەت پێکبهێنرێت و یەکگرتووی هەمووان کوردستان بەهێزتردەکات."
هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کە لە 20ی مانگی دەی 2024 بەڕێوەچوو، پارتی دیموکراتی کوردستان زۆرترین کورسی پەرلەمانی بەدەستهێنا کە 39 کورسی بوو و دواتر یەکێتی نیشتمانی کوردستان 23 کورسی و نەوەی نوێ 15 کورسی و 5 کورسی بۆ کۆتاکان و کورسیەکانی دیکەش بەسەر لایەنە سیاسیەکانی دیکە دابەشبوو، بەڵام هێشتا نازانرێت کەی دانیشتنی یەکەم تەواو دەکرێت و دواتر هەنگاو بەرەو پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەت دەنرێت.
Your browser doesn’t support HTML5
ڕاپۆرتی دیار جەمال