پیت هێگسەت، وەزیری بەرگری ئەمەریکا، ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند، گەڕانەوە بۆ سنوورەکانی ئۆکرانیا لە پێش 2014، ناڕاستەقینە بووە و بەڕێوەبەرایەتی ترامپ لەو بڕوایەدا نییە ئەندامێتی ئۆکرانیا لە ناتۆ ببیتە بەشێک لە چارەسەرکردنی ئەو شەڕەی کە بە داگیرکارییەکانی ڕووسیا سەری هەڵداوە.
هێگسەت لە کۆبوونەوەی هاوپەیمانانی سەربازی ئۆکرانیا لە بارەگای ناتۆ لە برۆکسل، ڕوونترین لێدوانی گشتی تا ئێستا سەبارەت بە ڕێبازی بەڕێوەبەرایەتی نوێی ئەمەریکا بۆ شەڕی نزیکەی سێ ساڵەی ئۆکرانیا پێشکەش کرد.
هەروەها بە هاوپەیمانەکانی ناتۆی ڕاگەیاندووە کە دەبێت هەنگاو بنێن و بەرپرسیارێتی زیاتر لە ئاسایشی ئەوروپا لە ئەستۆ بگرن و گوتی "ئێمەش وەک ئێوە ئۆکرانیایەکی خاوەن سەروەر و خۆشگوزەرانمان دەوێت."
لە کۆبونەوەکەی کە زیاتر لە 40 وڵاتی هاوپەیمانی ئۆکرانیا تیایدا بەشدار بوون هێگسەت گوتیشی " بەڵام دەبێت بە داننان بەوە دەستپێبکەین کە گەڕانەوە بۆ سنوورەکانی پێش ساڵی 2014ی ئۆکرانیا ئامانجێکی ناڕاستەقینەیە. "
وەزیری بەرگری ڕایشیگەیاند " بەدواکەوتنی ئەم ئامانجە وەهمییە تەنها شەڕەکە درێژ دەکاتەوە و ئازاری زیاتری لێدەکەوێتەوە."
ڕووسیا لە مانگی ئازاری ساڵی 2014دا دەستی گرت بەسەر نیمچە دوورگەی کریمیا لە ئۆکرانیا و دواتر لە یاخیبوونێکی چەکداریدا لە دژی هێزەکانی کیێڤ لە ناوچەی دۆنباسی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا پاڵپشتی جوداخوازانی لایەنگری ڕووسیای کرد.
لە ئێستادا مۆسکۆ نزیکەی 20%ی خاکی ئۆکرانیای بەدەستەوەیە و بە شێوەیەکی سەرەکی لە ڕۆژهەڵات و باشوور.
هێگسەت وتی هەر ئاشتییەکی بەردەوام دەبێت "گەرەنتی ئاسایشی بەهێز لەخۆبگرێت بۆ ئەوەی دڵنیابێت لەوەی شەڕەکە دەستپێناکاتەوە". بەڵام وتی "ئەمەریکا لەو بڕوایەدا نییە کە ئەندامێتی ناتۆ بۆ ئۆکرانیا دەرەنجامی ڕاستەقینەی چارەسەرێکی وتووێژلەسەرکراو بێت."
لەبری ئەوە، پێویستە "هێزە بەتواناکانی ئەوروپا و غەیرە ئەوروپایی" پشتگیری مسۆگەرکردنی ئاسایشی بەردەوام بکەن.
ناوبراو بە ئاماژەدان بە بڕگەی بەرگریی یەکتری هاوپەیمانییەکە وتی " ئەگەر هەرگیز ئەو سەربازانە وەک ئاشتیپارێز بۆ ئۆکرانیا جێگیر بکرێن، ئەوا پێویستە بەشێک بن لە ئەرکێکی دەرەوەی ناتۆ و نابێت بەپێی مادەی پێنجەم بپارێزرێن کە ڕێککەوتنی بەرگریی هاوبەشی ناتۆیە.
سەرچاوە: ڕۆیتەرز