سەرچاوەیەک بۆ دەنگی ئەمەریکا: پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت دەکەوێتە مانگی چوار

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە گفتوگۆکانی یەکێتی و پارتی ڕایدەگەیەنێت، یەکێتی و پارتی بۆ پێکهێنانی حکومەت هەنگاوی باشیان ناوە و بەشێک لە پۆستە باڵاکانیش یەکلا بوونەتەوە، بەڵام پێکهێنانی حکومەت دەکەوێتە مانگی چوار، چونکە دەیانەوێت ڕێککەون لەسەر نەخشە ڕێگای نوێی بەڕێوەبردن لە سەر ئاستی هەرێم و بەغداد.

وتیشی، یەکێتی میکانیزمی بەڕێوەبردن کابینەکانی ڕابردووی بەدڵ نییە و داوا دەکات ئەو فۆڕمە لە بەڕێوەبردن بگۆڕیت لە سەرجەم جومگەکاندا و پارتیش ڕای پێچەوانەی هەیە لەو بارەیەوە.

سەرچاوە ئاگادارەکە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" هەرچەندە کۆبوونەوەکان لەنێوان یەکێتی و پارتی ئاستی باشیان بڕیوە، بەڵام پێکهێنانی حکومەت دەکەوێتە مانگی چوار، چونکە یەکێتی گلەیی لە شێوازی بەڕێوەبردن لە کابینەکانی ڕابردوو هەیە بە سەرۆکایەتی پارتی لە کاتێکدا پارتی ئامادەی ئەم گۆڕانکاریە نییە بە ئاسانی، هاوکات یەکێتی دەیەوێت لەسەر ئاستی هەرێم و بەغدادیش نەخشەڕێی نوێی بەڕیوەبردن بێتە ئاراوە، لەسەر ئاستی بەغدادیش پرسی فرۆشتنی نەوتی هەرێم و چەند پرسێکی تر دەبێت لە نێوان هەردوولا یەکلایی بکرێنەوە."

وتیشی،" سەبارەت بە پۆستە باڵاکانیش یەکێتی داوای سەرۆکی هەرێم و ئەو وەزارەتانە دەکات کە پێشتر لەلای پارتی بوون و دەیەوێت دەستاو دەست بکرێن، هەرچەند بەشێک لە پۆستەکانیش بەتایبەت وەزارەتەکان یەکلایی بوونەتەوە."

دوێنێ شەممە 22ی مانگی دوو شاندی باڵای پارتی لە سلێمانی لەگەڵ یەکێتی کۆبوونەوە، دوای کۆبوونەوەش بەیاننامەیەکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە، لە ڕاگەیەندراوە هاوبەشەکەی نێوانیاندا هاتووە، کۆبوونەوەیەکی ئەرێنییان ئەنجامداوە"، دەشڵێن،" هەردوو وەفدی دانوستانکار بڕیاریاندا درێژە بەکۆبوونەوەکانی نێوانیان بدەن و سەرنج و تێبینی وەفدی دانوستاندکاری هەردوولا خرایەڕوو و میکانیزمی گونجاو بۆ چۆنییەتی رێکخستنەوە و رێککەوتن لەسەر کۆی بابەتەکان قسەی لەسەر کرا."

هەرچەندە سەرچاوەکەی دەنگی ئەمەریکا دابەشکاری پۆستەکانی لە نێوان یەکێتی و پارتی ئاشکرا نەکرد، بەڵام دەنگی ئەمەریکا زانیوێتی یەکێتی تا ئێستا دەیەوێت پۆستی سەرۆکی هەرێم بەشێک لەو وەزارەتانە وەربگرێت کە پێشتر لای پارتی بوون.

لە ئێستاشدا پارتی ڕازی بووە پۆستی هەریەکە لە وەزارەتی ناوخۆ و پەروەردە بداتە یەکێتی و پۆستی وەزارەتی دەرەوەش بۆ ڕیبەر ئەحمەدی وەزیری ناوخۆ یەکلا بۆتەوە لە بەرژەوەندی پارتی.

ئەمە لە کاتێکدایە هەر ئەمڕۆ یەکشەممە 23ی مانگی دوو شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ سەردانی گوڵە خانەی کرد و لەگەڵ محەمەد حاجی مەحموود سکرتێری پارتی سۆسیالست دیموکراتی کوردستان کۆبۆوە.

لە بڵاوکراوەیەکدا محەمەد حاجی مەحموود سەبارەت بە کۆبوونەوەی نێوانیان دەڵێت،" ئەمڕۆ لە گوندی گوڵەخانەی ناوچەی شارەزوور،، پێشوازیمانکرد لە شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ و شاندێکی یاوەری. لە دیدارەکەدا، گفتوگۆ کرا دەربارەی گۆڕانکارییەکانی هەرێمی کوردستان، عێراق و ناوچەکە و ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بەگشتی و موچەخۆران بەتایبەتی. لە بەشێکی تری دیدارەکەدا، تەئکید لە گرنگی زوو هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەڕلەمان و پێکهێنانی کابینەی دەیەم کرایەوە لە پێناو چارەسەری گرفتەکان و دەربازکردنی هەرێمی کوردستان لەو بۆشاییە یاساییەی، کە بەهۆیەوە دروست بووە."