کاردانەوەی تورکیا بەرامبەر پەیامەکەی ئۆجەلان

ئەفکان ئەلا جێگری سەرۆکی ئاکەپە وەڵامی پەیامەکەی عەبدوڵا ئۆجەلانی دایەوە بۆ ئەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) چەک دابنێت و هەڵوەشێتەوە و ڕایگەیاند، چاودێری ئەنجامەکان دەکەن.

ئەو بە کەناڵی ئەهبەری ڕاگەیاند "بنەمای پەیامەکە چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەی ڕێکخراوە تیرۆرستییەکەیە، پێویستە سەرنجمان لەسەر دەرئەنجامی بانگەوازەکە بێت، دەرئەنجامەکەی زۆر گرنگە، ئێمە چاودێری دەرئەنجامەکەی دەکەین."

بەڵام ئەو پرسیارەشی کرد ئایا پەکەکە چەندیک بە دەنگ داواکارییەکەوە دێت؟

ئەلا لە درێژەی قسەکانیدا وتی"ئەگەر ڕێکخراوە تیرۆریستییەکە گوێ بەو بانگەوازە بگرێت و چەک دابنێت و خۆی هەڵبوەشێنێتەوە، تورکیا ڕزگاری دەبێت، ئەگەر پەکەکە بە پێی بانگەوازەکەی ئۆجالان هەڵسوکەوت نەکات، تورکیا "لە ڕێگەی شەڕی تیرۆرەوە" بەردەوام دەبێت لە شەڕی دژی پەکەکە.

ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان عەبدوڵا ئۆجەلان ڕۆژی پێنجشەممە پەیامە چاوەڕوانکراوەکەی بڵاو کردەوە و تیایدا داوای لە پەکەکە کرد خۆی هەڵبوەشێنێتەوە لە چوارچێوەی هەوڵێکی نوێ بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێیەکی درێژخایەن کە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی دەیان هەزار کەس لە ماوەی نزیکەی 40 ساڵی ڕابردوودا.

ئۆجەلان ڕۆژی پێنجشەممە لە پەیامێکدا لە زیندانی دوورگەی ئیمرالی گوتی پێویستە پارتی کرێکارانی کوردستان یان پەکەکە کۆنگرە ببەستێت و بڕیاری هەڵوەشاندنەوە بدات.

ئۆجەلان لە پەیامەکەیدا کە لەلایەن شاندی دەم پارت بڵاو کرایەوە بە پەکەکەی ڕاگەیاند "کۆنگرەی خۆتان بکەن و بڕیار بدەن، دەبێت هەموو گروپەکان چەک دابنێن و پەکەکە خۆی هەڵبوەشێنێتەوە".

گوتیشی " ئەو چارەسەرانەی لەسەر بنەمای نەتەوەپەرستیی توندڕەو بنیاتنراون، وەک دامەزراندنی دەوڵەتێکی نەتەوەیی جیاواز، یان فیدراڵی، یان ئۆتۆنۆمی، یان چارەسەری کولتووری، پێداویستییەکانی مافە کۆمەڵایەتییە مێژووییەکانی کۆمەڵگە دابین ناکەن.