ئیسرائیل هێرشی ئاسمانی بەرفراوان دەکاتە سەر سوریا و ئامادەیی خۆی بۆ بەرگریکردن لە درووزەکان ڕادەگەیەنێت

سوپای ئیسرائیل لە ئۆپراسیۆنێکدا کە بە بەرفراوانترین هێرشی ئاسمانی لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا ناودێری دەکات، ئامانجە سەربازییەکان لە سوریا بۆردومان دەکات و هاوکاتیش ڕایدەگەیەنێت کە ئامادەیە بۆ "بەرگریکردن" لە درووزەکان لە سوریا.

وتەبێژی سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە 11ی مانگی سێ فڕۆکە جەنگییەکانی ئەو وڵاتە سیستمی ڕادار و کەرەستەی سەربازی کە پێدەچوو ببێتە مایەی "مەترسی" بۆ سەر ئیسرائیل و سوپاکەی لە داهاتوودا، لە سوریا کردوەتە ئامانج.

وتەبێژەکەی سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوەشکردووە ئەو ئامێرە سیخوڕییانەی کە لەناوبراون "دەکرا هاوکاری هەواڵگری ئاسمانی سوریای بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیلی بکردایە". کەناڵی تێلێگرامی وتەبێژی سوپای ئیسرائیل هەروەها بەئامانجکردنی "سەربازگە و ئەو شوێنانەی کە چەک و کەرەستەی سەربازیی تێدا بووە" ڕاگەیاندووە.

ئاژانسی هەواڵی دەوڵەتی سووریا سانا، هێرشەکانی سەر جەباب و عەزرا لە بەشی باکووری شاری دارا لە باشووری سوریا پشتڕاست کردەوە. هەروەها دوو سەرچاوەی ئاسایشی سوریا بە ئاژانسی ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە لانیکەم شەش هێرش بۆ سەر بنکەی سوپا لە جەباب و هەشت هێرش بۆ سەر ئەو بنکەیە لە شارۆچکەی عەزرا ئەنجامدراوە.

سانا ئاماژەی بە ئەگەری زیانی گیانی لەو هێرشانە نەکردووە، هەروەها ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاندووە کە هیچ ڕاپۆرتێکیان لەبارەی ئەگەری زیانەکانی گیانی پێنەگەیشتووە.

دوابەدوای ڕووخانی حکومەتەکەی بەشار ئەسەد، بەرپرسانی ئیسرائیل باسیان لە پێویستی ناسەربازیکردنی ناوچەکانی باشووری سوریا تا سنووری ئیسرائیل کرد و هۆشدارییان داوەتە سوپای سوریا لە ئامادەبوون لەو ناوچانە.

بەگوێرەی ڕۆژنامەی تایمزی ئیسرائیل، لەکاتێکدا کۆنترۆڵی سوپای نوێی سوریا بەسەر ئەو ناوچانەدا لاوازە، ئیسرائیل هەڕەشەی ئەوەی کردووە کە ئەگەر هێزەکانی سەر بە ئەحمەد ئەلشەرع سەرۆکی کاتی سوریا جێگیربکرێن، دەیانکاتە ئامانج.

هاوکات ئیسرائیل ئامادەیی خۆی بۆ "بەرگریکردن" لە درووزەکان دەربڕیوە. دەیڤید مێنسەر وتەبێژی حکومەتی ئیسرائیل ڕۆژی دووشەممە 10ی مانگی سێ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە ئۆرشەلیم ڕایگەیاند وڵاتەکەی ئامادەیە بەرگری لە دروزەکان بکات لە سوریا "ئەگەر پێویست بکات".

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و وەزیری بەرگریی ئیسرائیل هەفتەیەک پێش ئیستا فەرمانیان بە سوپا کرد کە ئامادە بن بۆ بەرگریکردن لە دروزەکان بەرامبەر بە هێزەکانی حکومەت و ئیسرائیل دەڵێت درووزەکان لە سوریا "خێزان و کەسوکاری" دروزەکانن لە باکوری ئیسرائیل.

هەروەها وەزارەتی بەرگری ئیسرائیل لە 9ی مانگی سێ ڕایگەیاند کە مۆڵەت بە درووزە سوورییەکان دەدات بۆ کارکردن لە باکووری ئیسرائیل.

هاوکات بە گوێرەی ڕۆژنامەکانی ئیسرائیل، "سەرکردە عەلەوییەکانی سوریا" لە نامەیەکدا بۆ حکومەتی ئیسرائیل کە بەدەستی گیدئۆن سەعار، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل گەیشتووە، داوایان لەو وڵاتە کردووە پشتیوانیان بکات لە دژی هێزەکانی سوریا.

ئەم نامەیە لە زنجیرەیەک داواکاریدا بۆ ئیسرائیل، داوا دەکات کە ئەو وڵاتە کەشتییە جەنگییەکانی خۆی بنێرێتە کەنارەکانی سوریا بۆ بەرگریکردن لە عەلەوییەکان. عەلەوییەکانی ناوچە کەناراوییەکانی ڕۆژئاوای سوریا لە ماوەی 51 ساڵی حوکمڕانییاندا، بنکەیەکی نەریتی و بەهێزی پشتیوانی حافز و بەشار ئەسەد بوون.

وەزیری بەرگری ئیسرائیل بە ئاماژەدان بە ژمارەی زۆری کوژراوانی شەڕی نێوان هێزە ئەمنییەکان و عەلەوییەکان، ئەحمەد ئەلشەرەعی بە "تیرۆریستێکی جیهادی قوتابخانەی ئەلقاعیدە" ناوبرد کە " کردەوەی ترسناکی دژی خەڵکی مەدەنی ئەنجامداوە".

وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل هەروەها ڕۆژی دووشەممە حکومەتی کاتی سوریای بە "شەیتانی ڕەها" ناوبرد.ئەو ڕۆژێک پێشتر بە وڵاتانی ئەوروپای ڕاگەیاندبوو واز لە پشتیوانیکردن لە "جیهادییە قات لەبەرەکان" دەست بکێشن.

حکومەتی سوریا ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند کە کۆتایی بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دژی عەلەوییەکان هێناوە لە ناوچە کەنارییەکانی ئەو وڵاتە.

بە گوێرەی زانیارییەکان لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا لانیکەم هەزار کەس لەو پێکدادانانەدا کوژراون. ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ کە بنکەکەی لە بەریتانیایە، هەواڵی کوژرانی 973 هاووڵاتی مەدەنی و 250 هێزی چەکداری عەلەوی و زیاتر لە 230 هێزی ئەمنی حکومەتی لە قەیرانەکەی ئەم دواییەی سوریا ڕاگەیاند.

سەرچاوە/ڕدیۆ فەردا