لەشکری تورکیا هاتووەتە ناو خاکی عێراقەوە بە بەهانەی هەبوونی شەڕڤانانی پارتی کرێکارانی کوردستان لە سنوورەکانی هەرێمی کوردستان. بەپـێی هەواڵەکان لەشکری تورکیا چەند بنکەیەکی لەشکری و خاڵی چاودێری دامەزراندووە لە ناوچەکانی لۆلان و سیدەکان و بەرواری باڵا.
حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیری عێراق ڕۆژی سێشەممە لە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی هەفتانەیدا گوتی بەپـێی زانیاریـیەکانی ئەوان تورکیا ئۆپەراسیۆنی لەشکری لە باکوری عێراق ئەنجام نادات. گوتیشی قبوڵی ناکات گروپی چەکدار خاکی عێراق بەکاربهێنن بۆ هێرشی سەر وڵاتانی دیکە.
لە لایەکی دیکە لێدوانی جیاواز هەن سەبارەت بە بوونی پەکەکە لە شنگال. هەندێک دەڵێن پەکەکە هێشتا لە شنگال ماوەتەوە و هەندێکیش دەڵێن نەخێر جێیانهێشتووە.
سەرحەد ڤارتۆ گوتەبێژی کۆمیتەی پەیوەندیـیەکانی دەرەوەی کۆما جڤاکێن کوردستانێ (کەجەکە) لە وتووێژێکدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا گوتی ئەو کاتەی خەڵکی ئێمەی ئێزیدی لە شنگال لێـیانقەوما، شەڕڤانانی پەکەکە هاوکاریان کردن.
سەبارەت بە بوونی شەڕڤانانی پەکەکە لە هەرێمی کوردستانی عێراق، ڤارتۆ گوتی مافی خۆیانە لە هەر شوێنێکی خاکی خۆیاندا بن. گوتیشی " کورد مافی خۆیەتی لەسەر خاکی خۆی بێت، لەسەر جوگرافیای خۆی بەرگری لە خۆی بکات لە بەرامبەر ئەو ناحەقیـیە و داگیرکاریـیەی تورکیا دەیکات."
Your browser doesn’t support HTML5
وتووێژ لەگەڵ سەرحەد ڤارتۆ